NEWS KU‎ > ‎

له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا تاقیكردنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی IELTS له‌زانكۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى ئەنجام دەدرێت

posted May 30, 2016, 2:18 AM by SPU-ELC English Language Centre

له‌چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندى‌و ڕێكه‌وتننامه‌ى هاوبه‌شى نێوان زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى‌و ئه‌نجومه‌نى به‌ریتانى (British Council) بۆ پێكه‌وه‌كاركردن‌و په‌ره‌پێدانى زیاترى سه‌نته‌رى زمانى زانكۆمان، ڕۆژى 25/5/2016و له‌سه‌ر بانگێشتى فه‌رمى ئه‌نجومه‌نى به‌ریتانى، وه‌فدێكى زانكۆمان كه‌ پێكهاتبوو له‌به‌ڕێز د. سۆران سعید/ یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى‌و هۆگر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى زمان، له‌شارى هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى ئه‌نجامدرا له‌گه‌ڵ/ ئه‌دریان چادویك /به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئه‌نجومه‌نى به‌ریتانى له‌سه‌ر ئاستى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست‌و باكوورى ئه‌فریقا، كه‌ به‌سه‌ردانێكى فه‌رمى هاتبووه‌ هه‌رێمى كوردستان‌و به‌ئاماده‌بوونى ده‌یڤد پاردۆى /به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ر بۆ زیاتر پته‌وكردنى په‌یوه‌ندى‌و هه‌ڵسه‌نگاندنى كارى هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوولا باسی لێوه‌كرا، كه‌ گرنگترینیان بریتی بوون له‌پڕۆگرامى كۆرسى زمانى ئینگلیزى، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌نێوان سه‌نته‌رى زمانى زانكۆمان‌و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌برێت، تاكو ئێستاش ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ فێرخوازان سوودمه‌ندبوون له‌و كۆرسانه‌، كه‌ به‌شێوه‌ى كلاس‌و ئۆنلاین له‌سه‌نته‌رى زمانى زانكۆمان به‌ڕێوه‌ده‌برێن.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا لایه‌نى به‌ریتانى به‌شێوه‌یه‌كى زۆر ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ كارو چالاكییه‌كانى سه‌نته‌رى زمانى زانكۆمان كرد‌و خۆشحاڵى خۆیان به‌و پێشكه‌وتنانه‌ ده‌ربڕى كه‌ به‌دیهاتوون له‌ئه‌نجامدانى تاقیكردنه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌پتیس‌و جه‌ختیشیان كرده‌وه‌ له‌به‌زوویى ده‌ست كردن به‌ئه‌نجامدانى تاقیكردنه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى IELTS له‌سه‌نته‌رى زمانى زانكۆمان.

له‌ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌، باس له‌واژۆكردنى یاداشتنامه‌یه‌كى لێك تێگه‌یشتن كرا له‌نێوان زانكۆمان‌و زانكۆى به‌سره‌‌و ئه‌نجومه‌نى به‌ریتانى‌و كۆلێجى فۆرس ڤالى به‌ریتانى، ئه‌ویش له‌پێناو پێكه‌وه‌ كاركردن له‌سازدانى ئاماده‌كارى‌و به‌ڕێوه‌بردنى به‌شى نه‌وت كه‌ له‌ئێستادا ئه‌و به‌شه‌ به‌فه‌رمی له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى كراوه‌ته‌وه‌.



Comments