NEWS KU‎ > ‎

سەنتەری نێودەوڵەتی زمان بڕوانامەی بەشداربوونی کۆرس دەبەخشێتە کۆمەڵێک فێرخواز

posted Jun 23, 2017, 7:17 AM by SPU-ELC English Language Centre


له‌مه‌راسیمێكی شایسته‌دا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 21 ی حوزه‌یرانی 2017  له‌ هۆڵی كۆنفرانسی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بڕوانامه‌ی بەشداربوونی سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەخشرایە کۆمەڵێک فێرخواز. 

مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی  پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون علی امین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و پ.ی.د دانا احمد یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و د.حكیم عوسمان ڕاگری كۆلیجی ته‌كنیكی كارگێڕی و د. كازم فرج ڕاگری په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانی و هۆگر محمد تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی زمانی ئینگلیزی و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك له‌مامۆستایان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌لایه‌ن به‌ڕێزان سه‌رۆكی زانكۆو یاریده‌ده‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری زمانی ئینگلیزی بڕوانامه‌ی كۆرسی ئاماده‌كاری  به‌خشرایه‌ هه‌ریه‌ك له‌ فێرخوازه‌كان.

فێرخوازان به‌گرنگییه‌وه‌ ئاماژه‌یان به‌ به‌ڕێوه‌چوونی خوله‌كه‌و ئاستی زانستی مامۆستایان كرد و له‌و باره‌یه‌وه‌  ڕۆزه‌ حه‌مه‌ وه‌یس وه‌ك یه‌كێك له‌ فێرخوازه‌كان ووتی ''به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی زمانی ئینگلیزی به‌شداری ئه‌م خوله‌ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیم كردوه‌و خولێكی تا ڕاده‌یه‌كی باش سوودی بۆم هه‌بوه‌و هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌م زمانه‌كه‌م په‌ره‌ی باشی پێدراوه‌و له‌ ستافی وانه‌ وتنه‌وه‌و فێرخوازه‌كا ڕازی بووم و زمانه‌كه‌م له‌ئاستی مام ناوه‌نده‌وه‌ بوه‌ته‌ ئاستی باش كه‌ ئه‌وه‌ش مایه‌ی خۆشحاڵیمه‌ .''

ئه‌ندازیار محمد شیراز یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركه‌وتوه‌كانی خوله‌كه‌و بۆ سایتی زانكۆ دووا و گووتی ''ئێمه‌ له‌یه‌كێك له‌هه‌ره‌ سه‌نته‌ره‌ پێشكه‌وتووه‌كانی زمانی ئینگلیزی خوله‌كه‌مان بینی و مامۆستاكان و پێداویستییه‌كانی خوله‌كه‌ له‌ئاستێكی زۆر باشدابوو چونكه‌ پێشتر من خولی به‌هێزكردنی زمانی ئینگلیزیم بینیووه‌ و خۆشبه‌ختانه‌ سوودی زۆر باشم له‌ خوله‌كه‌ بینی.''

هه‌روه‌ها هۆزان احمد  یەکێکی تر لە بەشداربوونی خولەکە ووتی ''ئه‌م خوله‌ له‌ مانگی شوباتی 2017 وه‌ ده‌ستمان پێكردووه‌و بۆ ماوه‌ی سێ مانگ به‌رده‌وام بوین كه‌ كۆی خوله‌كه‌ 120 كاتژمێر بوو سه‌ركه‌وتوانه‌ خوله‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو ، مامۆستایان و خزمه‌تگوزاری سه‌نته‌ره‌كه‌ له‌ئاستی پێویستدا بوو.''

له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا تا ئێستا نزیكه‌ی 80 فێرخواز به‌شێوه‌ی كلاس به‌شدارییان له‌ خولی بەهێزکردنی زمانی ئینگلیزی ئەکادیمی دا كردووه‌. هەروەها شایەنی باسە کە نزیكه‌ی 90 فێرخوازی تر له‌ ڕێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه‌ به‌شدارن لە کۆرسی ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی ئایەڵس كه‌ له‌لایه‌ن بریتش كاونسڵ ی به‌ریتانییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن.

سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەردەوام خولی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی، ئەکادیمی و گشتی، و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی ئایەڵس پێشکەش بە فێرخوازان دەکات 
بە سەرپەرشتی مامۆستای بەئەزمون و شارەزا و بە نرخێک کە  کە گونجاوبێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا. 





Comments