NEWS KU‎ > ‎

زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ى ( IELTS ) ده‌ستیپێكرد

posted Aug 5, 2016, 10:17 AM by SPU-ELC English Language Centre

دواى رێكه‌وتننامه‌ى نێوان زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و بریتش كاونسڵى به‌ریتانیا، بەروارى 4\8\2016 كاتژمێر 9ى سه‌رله‌به‌یانى بۆ یه‌كه‌مین جار تاقیكردنه‌وه‌ى ( IELTS ) به‌ چاودێرى نوێنه‌رانى بریتش كاونسڵ له‌ سه‌نته‌رى زمانى ئینگلیزى سه‌ر به‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ئه‌نجامدرا.

تاقیكردنه‌وه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان پ.ی.د. ئالان فه‌ریدون عه‌لى ئه‌مین سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و د.سۆران سه‌عید یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و د.دانا ئه‌حمه‌د مسته‌فا یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارایی و مامۆستا هۆگر محه‌مه‌د تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى زمانى ئینگلیزى و نوێنه‌رانى بریتش كاونسڵ له‌ هه‌رێم و عێراق ده‌ستیپێكرد كه‌ ده‌یان فێرخواز به‌ دوو گرووپ و به‌شێوازى تیۆرى و پراكتیكى به‌شدارییان له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا كرد.

له‌وباره‌یه‌وه‌ مامۆستا هۆگر محه‌مه‌د تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى زمانى ئینگلیزى له‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وتى: به‌ هه‌وڵ و تواناى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى خۆشبه‌ختانه‌ توانرا ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ى ( IELTS ) به‌ چاودێرى بریتش كاونسڵ به‌ سه‌ركه‌وتوویی له‌ زانكۆكه‌مان ئه‌نجامبدرێت، كه‌ ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌ گرنگییه‌كى زۆر تایبه‌تى هه‌یه‌ هه‌م له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیى هه‌م له‌سه‌ر ئاستى جیهانیش له‌به‌رئه‌وه‌ى بۆته‌ پێش مه‌رجێك بۆ هه‌موو ئه‌و مامۆستا و فێرخوازانه‌ى كه‌ خوازیارن پێشكه‌شى خوێندنى باڵاى بكه‌ن له‌ ناوه‌وه‌  و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان.

 مامۆستا هۆگر محه‌مه‌د وتیشى: ئه‌مه‌ ده‌ستكه‌وتێكى زۆر گرنگه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و شارى سلێمانى كه‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وه‌كو یه‌كه‌مین زانكۆى حكومی به‌شێوه‌یه‌كى ستانداردى جیهانى و به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ بریتش كاونسڵ تاقیكردنه‌وه‌ى ( IELTS ) ى تێدا ئه‌نجامده‌درێت هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌ى ( IELTS )، له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌مان خولى زمانى ئینگلیزیشمان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر به‌ سه‌رپه‌رشتى بریتش كاونسڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ تێیدا فێرخوازان راهێنانێكى زۆر باش و تۆكمه‌یان پێده‌كرێت تا بتوانن به‌ سه‌ركه‌وتووی بڕوانامه‌ى ( IELTS ) به‌ده‌ستبهێنن، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین به‌هاوكارى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆمان له‌ داهاتوودا زمانى ئینگلیزى و مه‌نهه‌جى خوێندنیش كه‌ له‌ ئێستادا له‌ زانكۆكه‌مان زۆرینه‌ی وانه‌كان به‌ زمانى ئینگلیزییه‌ زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ببه‌ین و په‌ره‌ى پێبده‌ین.

له‌ چوارچێوه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ی نێوان زانكۆی پۆلیته‌كینكی سلێمانی و بریتیش كاونسڵ، رۆژى  11\7\2016 له‌ رێوه‌ڕه‌سمێكدا و به‌ ئاماده‌بوونى وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ فه‌رمى هۆڵى تاقیكردنه‌وه‌ی (IELTS) به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رده‌میانه‌ و جیاواز  به‌ سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆى بریتیش كاونسڵ له‌ سه‌نته‌رى زمانى ئینگلیزى سه‌ر به‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى كرایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن بریتش كاونسڵه‌وه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌ وه‌ك سه‌نته‌رێكى زمانى نێوده‌وڵه‌تى دانى پێدانراوه‌.




Comments