گرنگی رێككەوتنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بریتش كاونسڵ لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر دەخرێتەڕوو
Post date: Apr 25, 2016 8:21:18 PM
بەئامادەبوونی نوێنەری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە شاری هەولێر كۆنفرانسی بریتش كاونسڵ بەمەبەستی خستنەڕوی كارو چالاكییەكانی دەزگا و دامەزراوە پەروەردەییەكانی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
بەئامانجی خستنەڕوی كارو چالاكییەكانی دەزگا و دامەزراوە پەروەردەییەكانی بەریتانیا كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، رۆژی 2/3/2016 كۆنفرانسی بریتش كاونسڵ بەناوی (ڕۆژی پەروەردە-پەروەردەی بەریتانی لە هەرێمی كوردستان) لە ئۆتێل ڕۆتانای شاری هەولێر بەڕێوەچوو، كە تێیدا ئاماژە بەگرنگی ڕێكەوتنی نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بریتش كاونسڵ تایبەت بە پرۆگرامی (English Learn Connect) كرا بۆ بە هاوبەشی بەڕێوەبردنی كۆرسەكانی زمان وەك نموونەیەكی سەركەوتووی كاركردنی بریتش كاونسڵ لەگەڵ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها گرنگی تاقیكردنەوەی (Aptis)ی بریتش كاونسڵ و ناساندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەئامادەبووان، كە وەك یەكەم زانكۆ لە هەرێمی كوردستان ڕێكەوتننامەی لەگەڵ بریتش كاونسڵ واژۆ كردووە، لە كۆنفرانسەكەدا جەختیش لەسەر برەودانی زیاتر بە كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان بە هاوكاری پەروەردەی بەریتانیا و بریتش كاونسڵ كرایەوە.
دواتر كۆنفرانسەكە بە گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام لە نێوان ئامادەبووان و گرووپی پانێڵەكە بە چەند ڕاسپاردەیەك كۆتایی بەكارەكانی هێنا، كە گرنگترینیان خواستی دەزگا و دامەزراوە پەروەردەییەكانی بەریتانیا و بەتایبەتیش بریتش كاونسڵ بوو بۆ گێڕانی ڕۆڵی زیاتر لە بەرەوپێشبردنی كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، داواشكرا هەرێمی كوردستان هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و ریفۆرم لە سێكتەری پەروەردە و خوێندندا.
جگە لە نوێنەرانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێم و لێپرسراوانی زۆرینەی سەنتەری زمان و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر و جێگری بەڕێوەبەری گشتی بریتش كاونسڵ لە عێراق و نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و بەڕێوەبەری قوتابخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەی نێودەوڵەتی كامبریج ئامادەی كۆنفرانسەكە بوون